ڕەشنووسەکانم کۆد

ئازادی

ئینسان تا چ ئاستێک مافی هەڵبژاردنی هەیە؟ ماوەیەکە بیر لەوە دەکەمەوە کە ئێمە پێمان ئەوپەڕی ئازادیە کە دینی خۆمان، بۆخۆمان هەڵبژێرین؛ ئەی بۆچی پێمان ئازادی نییە کە نەتەوە و میللەت و زمان و گەلی خۆمان بۆخۆمان هەڵبژێرین؟

سیستەمی قۆڕی فێرکاری

مەدرەسە بایە تمەنێکیە. زانستگاه نیو تمەنە. باشە بۆ ئاوایە؟ ئەو خیانەتە چییە بە عیلم و زانستی دەکەن؟
بە ئاواتم شوێنێک دانێم، کە تەنیا ئەو کەسانەی هیوایەتیان فێربوونە بتوانن بچن، ئەو کەسانەی زیاتر دەیانهەوێ ببیسن هەتا بڵێن، ئەوانەی کە خۆیان فیدای فێربوون دەکەن نەک لەبەروەی کە لە نێو خەڵکی‌دا سەربڵند و قسەزان بن بەڵکوو لەبەروەی کە تەنیا ڕێگای ژیانیان ئەوەیە. بێ چارەن. ژیانیان فێربوونە. قەت تێر نابن.

خراپە

چەند سوکایەتییە خراپەکان بە سوک دانان. چەند بێ زەوقییە کارخراپان بە تاوانبار دانان. خراپەکان بۆخۆیان دنیایەکیان هەیە کە لەوێ دا ڕێگای چەپ، ڕێگای ڕاستە.

هەڵات هەڵات

خەڵکی مە هەر هەڵات هەڵاتیانە و بە هیچ جێیەکیش ناگەن. چون هیچ جێیەکیان نییە کە پێی بگەن. هەموو خەریکی کوشتنی کاتی ژیانی بەنرخی خۆمانین. هێندە کارێ دەکەیین، کارێکی بێ خۆشی و لەسەری مەجبوورییەوە کە کاتێک دەمانهەوێ پشوو بدەین و بیر لە خۆمان و ژیان و ڕێیەکانی خۆشی بکەینەوە، خەو دەمانباتەوە. کاتێکیش لە خەو هەڵدەستین دووبارە هەڵاتن بۆ هیچ کوێ دەست پێ دەکاتەوە. هەر هەڵدێیین کە لە کاتی دیاریکراو بگەینە شوێنی دیاریکراو.
چ بوو کە وامان لێهات؟

ژیان

ئەمیش وەک زۆر کەسان لەو باوەڕە دام کە ژیان خەڵاتێکە لە باب و باپیرانمانەوە. باوەڕم وایە لەسەر خەڵاتەکە نووسراوە: "ئەوە خەڵاتێک بوو کە باب و باپیرانمان بەمەیان بەخشیبوو. ئێمە نەمانزانی چییە بزانە ئەتۆ سەری لێ دەردەکەی!"

AUX.pdf

شتێکی زۆر سەیر ڕوی دا. لیستی کابڵی AUX ی دوکانێم لە فایلێک بە نێوی "AUX.pdf" دا پاشەکەوت کردبوو. دوایە کە بردمە سەر کامپیوتێری دوکانێ کە ویندۆزی لەسەرە، ئەو فایلەی بە ویروس ناسی و نەیدەهێشت بکرێتەوە. دوایە تەنیا ناوەکەم گۆڕی بۆ "ایوکس.pdf" و هیچ کێشەی نەما. ئانتی‌ویروسەکەش، "Microsoft Defender" بوو. زۆرم لا سەیر بوو. نازانم هۆیەکەی دەبێ چ بێ؟

تەنیا ڕەنگێک کە دەتوانم بێ‌ترس بەکاری بێنم، شینە

نازانم بۆ؟ بەڵام هەر شتێکی سازی دەکەم سپی و ڕەشە. تەنیا ڕەنگی شینی ئەویش بە دەگمەن تێدایە. زۆرم لا ئاسانە بەکارهێنانی ڕەنگی شین بۆ نیشاندانی شوێنە گرنگەکان.
لام وایە ڕەنگەکانی غەیری سپی و ڕەش بۆ نیشاندانی جۆری گرنگی شتەکانن. بەڵام لە کن من تەنیا یەک جۆر گرنگی بوونی هەیە. ئەو ڕەنگە ناتوانێ سوور بێ چون هیچ هێڵێکی سوور بوونی نییە. ناتوانێ سەوز بێ چون ئەرکی من نییە هێڵی سەوز دیاری بکەم. بەڵام شین تەنیا بۆ ئاگادارکردنەوەیە. نە هێڵی سەوزە نە هێڵی سوور. تەنیا نیشاندەری شتە گرنگەکانە.
بەکارهێنانی ڕەنگێک غەیری ڕەنگی شین یان چەند ڕەنگ پێکەوە کارێکی زۆر ئەستەم و هونەرمەندانەیە.

باب

ئینسان کە بابی نەما بێ کەس‌وکارە.

ڕووداو بە پارە ناکڕدرێ

هیچ شتێک شیرن‌تر لە ڕووداوێکی نەخوازراو نییە. ڕووداوێکی بەختەکی. ڕووداوێک بە ڕێکەوت. پێم وا نییە بە هیچ پارەیەکی بکڕدرێ. ئینسان دەبێ زۆر بەختەوەر بێ، ڕووداوێکی ئاوها بۆی ڕوو بدا.

پڕکردنەوەی بۆشایییەکان

عەلاقێکی زۆرم بەوەیە کە بۆشایییەکان پڕ کەمەوە. لە ژیان‌دا، لە کۆمەڵگادا و لە پەیوەندی لەگەڵ کەسێکی تر دا. لام وایە بەشێکی زۆری غەریزییە و ئیختیاری خۆمی تێدا نییە. لە بیرکردنەوەش‌دا هەوڵم تەنیا پڕکردنەوەی بۆشایییەکانی بیر و مێشکمە.
هیچ کارێکی تایبەت ناکەم، کارێکی تازە ناکەم، هیچ شتێک بە قەست ناخوڵخێنم، تەنیا بۆشایییەکان پڕ دەکەمەوە. ئەگەر لەو ڕێیەش‌دا شتێک خوڵقا، تازە شوێنەکەشی دیارە و شوێنی خۆی هەیە لەم دنیایەدا.
پێم خۆشە ببمە مەسئوولی پڕکردنەوەی بۆشایییەکان!

یەکەم پرسیار، دواهەمین وەڵام

خەڵکی مە لە وەسەتێ ڕا دەست پێ دەکەن. شتێکی خەراپیش نییە. ڕاحەتترین شێوەی ژیان لە وەسەتێ ڕایە. ڕاحەتترین شێوەی کتێب خوێندنەوەش لە وەسەتێ ڕایە. باشترین ڕۆمانەکان و فیلمەکانیش لە وەسەتێ ڕا دەست پێ دەکەن دوایە دەگەڕێنەوە پێشووتر یان دواتر.
ئەوە شێوەی ڕاحەتی کارەکانە. بەڵام ئینسان هەمیشە هەست دەکا شتێکی بە جێ هێشتووە. لە کۆتایی دا مەجبوور دوای وەی کە شتەکەی تۆزێک لا شی بۆوە دێت لە ئەووەڵێ ڕا دەست پێ دەکاتەوە. وەکوو بیرکاری، Axiom ـەکانی دادەڕێژێ و هەوڵ دەدا لەوان ڕا بگاتە وەڵام.
لەو موددەتەی دا زۆر کەس دەعوەتیان کردووم بۆ ئیسلام بێ وەی کە بزانن موسوڵمانم یا نا. بەڵام کێشەکەیان ئەوەیە کە لە وەسەتێ ڕا دەست پێ دەکەن. باسی پێغەمبەر و نیشانەکانی دەکەن. باسی دینەکەی دەکەن. بێ وەی کە وەڵامی یەکەم پرسیاریان دابێتەوە. یەکەم پرسیار کە بوونی خوایە. هیچ وەڵامێکیان بۆ نییە. لە هەموو پرسیارەکانی تریش بە سووکتری چاو لێ دەکەن و ڕاحەتتر لێی دەگوزەرێن. ئەگەر خوا نەبێ تەواوی ئەو قسانە بێ فایدەن. ئەگەر هەشبێ هیچ بەڵگەیەک نییە بۆ حەق بوونی ئەو قسانە لەوانەیە هەر بۆیەشە زۆری وەدوو ناکەون. بەڵام هەر ئەو جۆرەی کوتم بۆوان زۆر ئاسانترە کە لە وەسەتێ ڕا دەست پێ بکەن و جار و بار سەرێکی ئەووەڵ و ئاخیرەکەشی بدەن. وەکوو هەموو کارێکی دی ئەو کارەش ئەگەر لە بناغە ڕا دەست پێ نەکرێ قەت کت و پڕ نابێ. ئەڵبەت کارەکانی ئینسانی هەر وان قەت تەواو ڕێک و پێک نابن. بەڵام دەکرێ ڕێک و پێک تر ببن.
زۆرتری کات ئەو جۆرەیە کە بۆ وەڵام دانەوەی یەکەم پرسیار دەبێ ڕێیەکی زۆر دوور و درێژ بڕۆیین هەتا بتوانین لە وەڵامەکەی نزیک ببینەوە.

قسە گرینگەکانی ئەوڕۆ

قسە گرینگەکانی ئەوڕۆ، بنووی و هەستییەوە زۆر بێ ئەرزش دەبن. کەواتە یا ئەوڕۆ دەبێ بیاننووسی یا بنووی.

سڵاو، پەیامم، یەک ڕێکوپێک‌کەر.

ئەگەر لە من پرسن چ کارەی دەڵێم ڕێکوپێک‌کەرم. بۆ؟ چون لەسەر کامپیوتێر زۆربەی کاتەکانم خەریکی ڕێک و پێک کردنی ئەو کۆدانەم کە پێش‌تر نووسیومن. لە دنیای دەرێش بۆ هەرجێیەکی چوم، بۆ هەر دوکانێکی کە کاری لێ بکەم، کارەکەم هەر خاوێن کردنەوە و ڕێک و پێک کردن بووە و دوایە خۆشییەکی وای لەکنم نەماوە و بە جێم هێشتووە.
پێم وا بێ ڕێکوپێک‌کەر بەرامبەری وشەی "ناظم" لە فارسی و عەرەبی‌ و بەرامبەر بە وشەی "Moderator" لە ئینگلیسی دایە.
هەر شتەی شوێنێکی هەیە کە دەبێ هەم لەگەڵ کارەکەی بگونجێ و هەم شێوەی شتەکانی دی تێک نەدا. لە کامپیوتێر، دوکان، ماشێن و ماڵ دا دەبێ شوێنی خۆیان و شوێنی شتەکانیان بدۆزیەوە. تەنانەت لە دڵداریش دا هەر بەو شێوەیە، دەبێ شوێنی دڵی خۆت وەبینی. کارێکی زۆر گرینگ و دژوارە دیتنەوەی شوێنی شتەکان. بەڵام کە دیترایەوە...ئیتر قەت ناکرێ شوێنەکەی بگۆڕدرێ.

چاپگەری Epson لە Arch linux دا

لەو ڕۆژانەدا دەمهەویست چاپگەرێکی ڕەنگی "Epson Stylus Photo 1410" لە کامپیوتێرەکەم وەسڵ کەم. ئەووەڵ چووم درایوێرەکەم دیتەوە. دوای گەڕانێکی چووک، لە AUR دا پەکەیجێکم دیتەوە بە نێوی "epson-inkjet-printer-escpr". دامگرتە سەر کامپیوتێرەکەم و داممەزراند. بەڵام کاتێک دەمهەویست شتی پێ چاپ کەم کاری نەدەکرد. چوومە سەر سێروێری "CUPS" بە نیشانیی "http://localhost:631" دیتم خەتای داوە. خەتایەکەش ئەوە بوو:
File "/usr/lib/cups/filter/commandtoepson" not available: No such file or directory
هاتم لینکێکم لە فایلی "/usr/lib/cups/filter/epson-escpr-wrapper" ڕا کە بەشێک لە درایوێرەکە بوو، کێشایە سەر نیشانی سەرەوە:
ln -s /usr/lib/cups/filter/epson-escpr-wrapper /usr/lib/cups/filter/commandtoepson
دوای ئەو کارە چاپگەرەکە بێ‌موشکیل کاری کرد.

شیلێر

دەڵێن شیلێر (Friedrich Von Schiller)، شاعیری گەورەی ئاڵمانی، هەمیشە چەند سێوی خەرابووی لە مێزەکەی دابوو و هەر کات دەیویست دەست بە نووسین بکات سەری دەبردە نێو مێزەکەی و هەناسێکی قوڵی هەڵدەکێشا.[١]
لام وایە ئەو ناخۆشییە، نهێنییەکانی نێو شیلێری دەکردە قسە و دەیناردنە دەرێ. وەکوو هێلانەی مێش هەنگوینان کە دەبێ دووکەڵاوی بکرێت هەتا مێشەکان بڕۆن و هەنگوینەکە وەمێنێت.
----------------
[١] https://www.digikala.com/mag/famous-writers-and-their-addictions/

تێکەڵ کردنی دەنگ و ڕەنگ

چەند ڕۆژ لەوە پێش کە ویدیۆیەکم بۆ یوتیوب تۆمار دەکرد، بۆ وەی کە دەنگم ڕون‌تر و بڵیندتر بێت بە مۆبایلەکەم تۆمارم کرد. دوایە هیچ ڕێیەکی ئاسانم پێ شک نەدەهات بۆ تێکەڵ کردنی ویدیۆ و دەنگەکە. هەوڵم دا لە سەر مۆبایل تێکەڵیان کەم بەڵام یەک، فایلەکە زۆر گەورە دەبۆوە، دووش تێکەڵ کردنەکە بە هیچ کۆتایی نەدەهات.
لەسەر کامپیوتێریش بەرنامەی "openshot" م بەکار هێنا بەڵام بارودۆخەکە هەر ئەو جۆرە بوو.
ئاخیری وەبیرم هاتەوە کە هەموو ئەو کارانە بە "ffmpeg" دەکرێت. گەڕانێکم کرد لە ئینتێرنێت‌دا. وەکوو هەموو کات وەڵامەکەم لە سایتی "stackoverflow" دۆزیەوە.
ffmpeg -i {Audio file} -i {Video file} -acodec copy -vcodec copy -shortest {Output file}

نڤیسیار بۆ نووسینی کۆدە نە بۆ چێ کردنی بەرنامە

نووسینی بەرنامە دوو بەشی هەیە: ١. چێ کردنی بەرنامە ٢. نووسینی کۆدەکانی بەرنامە
مەبەست لە چێ کردنی بەرنامە ئەوەیە کە پێکهاتەی بەرنامەکە و چۆنیەتی کارکردن و ئاکامەکەی شی بکرێتەوە. بۆ ئەو بەشەی هیچ پێویستیمان بە کامپیوتێر و نڤیسیار[١] نییە. تەنیا دەبێ لەگەڵ خۆمان خەڵوەت بکەیین و بیر لە بەرنامەکەمان بکەینەوە. دەتوانین دانیشین. دەتوانین پیاسە بکەیین. دەشتوانین کامپیوتێرەکەمان هەڵ کەین و فەقەت چاوی لێ بکەیین. دەتوانین چایەکی وەخۆیین یا سیگارێکی بکێشین. ئەو بەشە یەکێک لە خۆشترین بەشەکانی کاری ئێمەی بەرنامەنووسە. خۆمانین و دنیای خۆمان.
بەڵام بەشی دووەم نووسینەوەی ئیدەکانمانە بە کۆد. ئەو بەشەش لەززەتی خۆی هەیە. بەشێکی ئەوەیە کە چۆن ئیدەکانمان بە کەمترین کۆد بنووسین، یا چ بکەیین کۆدەکەمان خێراتر ئیش بکا. بەشێکی دیشی کە کەمتر بەهای پێ دەدرێ بەڵام زۆر چێژبەخشە، ئەوەیە کە دەبێ کۆدەکەمان جورێک نووسرابێ کە ئەگەر میترێک لە کامپیوتێرەکەمان کشاینەوە و چاومان لێ کرد، کەیفمان پێی ساز بێ. مەبەست ئەوەیە کە کۆدەکان دەبێ جوان بن. خەتتەکان زۆر دوور و درێژ نەبن. بۆشایییەکان بە جێ بن. ئەڵبەت دەبێ زۆر وریا بین کە ئەو بەشە، بەشی پێشتر کە ئەسڵی کۆد و بەرنامەکەمانە خەرا نەکات و ئەگەر نەفەرێک ویستی بیخوێنێتەوە بۆی سەخت‌تر نەکا.
جا ئەگەر ئەو دوو بەشەی بەرنامەنووسینی لێک جوێ کەینەوە لامان شی دەبێتەوە کە بۆچی نڤیسیارەکان وەکوو "Emacs"، "Vim" و هتد هیچ کە یارمەتیمان نادەن لە چێ کردنی بەرنامە بەڵکو زۆرجاران کێشەشمان بۆ ساز دەکەن. ئەو بەرنامانە بۆ نووسین و دەستکاری‌کردنی دەقن. ئەمن ئەو تەجروبەی لەگەڵ "Emacs"م هەبووە ئەوەیە کە یارمەتی داوم کۆدی زۆر باشتر بنووسم بەڵام چۆنیەتی چێ کردنی بەرنامەکانی زۆر بۆ سەخت کردوم. چون نووسین لەسەر ئەو بەرنامە زۆر خۆشە، زۆرجاران بێ وەی کە جوان فکر لە بەرنامەکەی بکەمەوە دێم دەست پێ دەکەم بە نووسین و زۆر کەم وایە بەرنامەکەم بۆ تەواو بێ. هەر بۆیە زۆرجار بە بڕوای من ئەو "Realtime Visual Editor" ـانە هیچ باش نین بۆ چێ کردنی بەرنامە و شتێک وەکوو "Ed" زۆر باشترە. هەرچەند چوون کارمان پێ نەکردووە لەوانەیە بۆمان سەخت بێ. بەڵام ئەگەر بە بەرنامێکی ئاوا، کۆدەکەمان بنووسین، زۆرتر وریای چێ کردنی بەرنامەکەمان دەبین و تەنیا ئەو شتانەی لازمن دەیاننووسین نە کەمتر نە زۆرتر.
------------------
[١] Editor

کامپیوتێر وەک ڕێیەکی *ناسین

کامپیوتێر بۆ من ڕێیەکی ناسینە. ئەگەر بمهەوێ شتێکی بناسم دەبێ لەنێو کامپیوتێرەکەم‌دا بیبینم. بۆ نمونە: ئەمن کە لە "بۆنگا"ی[١] بووم، هەموو شتەکەم واردی کامپیوتێری کرد و هەوڵم دا ماڵپەڕی بۆ ساز کەم. دوای وەی لێی تێگەییشتم و لەلام تەواو بوو.
پێشتر، پێش هاوسەرگیری ئەگەر کەسێکم خۆشویستبایە دەبوو لە کامپیوتێردا بیبینم و لەوێ‌دا بە کەیفی خۆم دەمڕازاندەوە. هێندە جوان دەبوو کە دوای ماوەیەک ئەگەر چیتر ئەو کەسەشم خۆش نەویستبایە، ئەو شتەی لەسەر کامپیوتێری بۆم ساز کردبوو، خۆشم دەویست و هەرجارەی چاوم لێ دەکردەوە خۆشەویستییەکەم دەهاتەوە نێو دڵی.
نموونێکی‌تر زمانی "دیڤۆرس"ـە[٢] کە کاتێک نووسیم کە دەردی لێک جوێ‌بوونەوە خەریک بوو بمخنکێنێ. شایەد لەبەروەیە ئاوایە.
حەتتا ئەگەر لە ئاڵەکۆکیش‌دا بگەڕێن نیشانەهایەک لە خۆشەویستییەکەم لەو کاتەدا دەبیننەوە. کە بەشێکی لە دەست خۆم دابووە و بەرچاوە بەشێکیشی لە ئیختیار خۆم‌دا نەبووە.
ئاوا بووە کە کامپیوتێر هەمیشە بۆ من وەک ڕێیەکی پەیوەندی و خۆناسین و خەڵک‌ناسین و شت‌ناسین بووە. زۆرجارانیش تەنیا ڕێ بووە. هەر شتێکی بمهەوێ لێی تێبگەم دەبێ بیکەم بە بەرنامە. شایەد بۆیە بۆ تێگەییشتن پێویستیم بە کامپیوتێر هەیە کە کاتێک کە دەمانهەوێ بەرنامێکی بنووسین دەبێ تەواو لە چووکترین شتەکانیشی تێبگەیین.
------------------
[١] شوێنی کڕین و فرۆشتنی مڵک
[٢] https://github.com/allekok/divorce

ناجا و ناجی

ناجا، "نیروی انتظامی جمهوری اسلامی" ـە. ناجی، "شرکت پژوهش و توسعه ناجی" ـه. زۆر سەیرە ئەگەر بمانهەوێ جەریمەی ماشێنەکەمان چاو لێکەیین دەتوانین بچینە سەر سایتی "ناجا" و بەخۆڕایی چاوی لێ بکەیین. سەیرەکەی ئەوەیە کە لە سەرەتادا دەماننێرێتە سایتی "epolice.ir" کە سەر بە "ناجی" ـە بۆ "احراز هویت". ئەوەش ماڵپەڕەکەیان:
https://service.rahvar120.ir/
بەڵام هەر ئەو کارە لە بەرنامەی "پلیس من" کە کۆمپانی "ناجی" دروستی کردووە، ٥٢٠٠تمەنی هەزینە هەیە. ئەگەریش بچینە "پلیس+١٠" کە ژێردەستی "ناجا"ن و "ناجی"یش بەرنامەکانیان بۆ ساز دەکا، ١٧٥٠٠ تمەنی هەزینە هەیە.
ئەو کارە دوو ئیشکالی هەیە. یەکەم ئەوەی کە ئەگەر خۆڕایییە با بۆ هەمووان وابێ. ئەگەریش پوڵیییە با بۆ هەمووان بێ.
دووهەم ئاگادارنەکردنەوەی دروستی خەڵکە سەبارەت بەم بابەتە. دەبوو هەرکەس کە دەچێتە "پلیس+١٠" پێی بڵێن کە ڕێی هەرزانتریش هەیە بۆ کارەکەیان. یان ئەگەر کەسێک دەچێتە سەر بەرنامەی "پلیس من" دەبوو پێی بڵێن کە بە خۆڕاییش دەتوانێ ئەو کارەی بکا. بەڵام زۆر سەیرە دەڵێی بێ‌دەنگییەکی سەیریان لێ کردووە و دۆزینەوەی ئەو ڕێیە هەرزانترانە زۆر ئاسان نییە و زۆرکەس نایانزانێ.
یەک شتیشتان لەبیر بێت ئەگەر جەریمە کران و پەیام‌تان بۆ هات، چەند ڕۆژێک ڕاوەستن هەتا جەریمەکە بێتە سەر سیستەمی "ناجا". دەنا ئەگەر یەکسەر پەرداختی کەن لەسەر سیستەمی پاک نابێتەوە. بۆخۆم وام بەسەر هات و مەجبوور دووبارە پەرداختم کردەوە، کە ئەوە زۆر شتێکی سەیرە و سیستەمەکەیان زۆر سەقەتە.
ئەوڕۆ شتێکی سەیرتریش ڕوی دا. چوومە سەر بەرنامەی "پلیس من" چاوم لێکرد نووسراوە کیفی پوڵەکەم ٣٠٠٠٠تمەنی تێدایە. لەوانەیە ئەو جەریمەی پێشدایان بۆ تێکردبمەوە کە ئەڵبەت ئەو ٢١٠٠٠تمەن بوو. شایەدیش جێژنانە بێ. بەڵام ئەگەر پوڵی جەریمەکەی بێ هەر شتێکی زۆر سەیر و سەمەر دەبێ.
سیستەمەکانیان زۆر تێکەڵ پێکەڵن و لەگەڵ یەکتر هەماهەنگ نین.

چ بکەیین ئەگەر نەفەرێک ڕۆییشت سەقەت نەبین؟!

لەبیرمە مەسئولی کتێبخانەی زانکۆی ئازادی ئیسلامی سەردەشت بووم. کاتێک دەمهەویست بەجێی بێڵم کوتیان بەجێمان مەهێڵە سەقەت دەبین!
دواتر چوومە "پلیس+١٠". لەوێ کارم دەکرد. دوای ماوەیەک کوتم دەڕۆم و کوتیان نەڕۆی سەقەت دەبین.
چەند ڕۆژ لەوە پێشیش چوومە مۆبایل‌فرۆشییەکی وەکوو فرۆشیار کار بکەم. لەوێش پێش هەموو شتێک کوتیان دەبێت قەراردادی یەک‌ساڵە بنووسین و نابێ زووتر بڕۆی چون سەقەت دەبین. ئەمیش بێ‌گومان نەچووم.
بۆچی ئاوایە؟ بۆچی ئەو شیرکەتانە و سازمانانە و شوێنانە هێندە سیستێمەکەیان سەقەتە کە بە گۆڕینی نەفەرێکی ئاوا دەشێوێن؟
نازانم ئەو شتە باشە یان خراپە؟ بەڵام ئەمن وەکوو کامپیوتێردۆستێک، زیاتر تامەزرۆی وەم کە چۆن دەتوانین ئەو سیستێمانە وا لێ بکەیین کە بە گۆڕینی بەشێک لێک هەڵنەوەشێن.
لەو شوێنانەی چەند نەفەر خەریکن کارێ دەکەن یەکێک لە ڕێیەکان ئەوەیە کە هەموو کارکەرەکان، هەموو کارەکان بزانن. ئەودەمی ئەگەر نەفەرێک لەوێ نەبوو ئەوانی دی دەتوانن کارەکەی بکەن.
ڕێیەکی دیکە ئەوەیە کە کارەکان چووک کەینەوە تا ئەگەر نەفەرێک ڕۆیی و نەفەرێکی دیکەمان هێنا، زوو بتوانێ کارەکەی فێر بێ.
ڕێیەکی دیکەش ئەوەیە کە بەڕێوەبردنی کارەکان چەند ڕێی هەبێ و ئەگەر کارەکە بە ڕێیەکی دا جور نەبوو ڕێیەکی دیکە بۆ کارەکە هەبێ.
ڕێیەکی دیش ئەوەیە کە کارەکان یەکتری داپۆشن لەولا و لەولا ڕا. یەعنی بەشێک لە کاری کارکەرەکان یەک بن. بەو جۆرە ئەگەر نەفەرێک ڕۆیی لائەقەل ئەوانی دیکە کارەکەی تا جێیەک دەبەنە پێشێ.
ڕێیەکی دی ئەوەیە کە هەر کارکەرەی بەشێک لە کاری یەکێک لە کارکەرەکانی دیش بزانێ. بەو جۆرە ئەگەر کارکەرێکیش نەهاتەوە، کارکەرەکانی دی تا جێیەک کە دەتوانن کارەکان دەبەنە پێشێ.
دەبێ زۆر وریا بین کە هیچ کام لەو ڕێیانەی سەرەوە زیاد لە حەد بەکار نەهێنین. چون جاری وایە بە جێی وەی کە سیستێمەکەی قایم‌تر کەن، سست‌تری دەکەن.
زانینی ئەوەی کە کێهەی بەکار بێنین یان چەند دانەیان بەکار بێنین و هەر یەکەی تا چ ئاستێک بەکار بێنین، هونەرێکە کە فێربوونەکەی زۆر دەخایەنێ.

لێمان گەڕێن با گەورەی کەینەوە!

بەعزە ماڵپەڕێک لەسەر مۆبایل ئیجازەی گەورە و چووک کردنمان پێ نادەن. (Zoom)
بۆچی ئێمە لەو شتە بەکەڵکەی بێ بەهرە دەکەن نازانم. لەوانەیە بیانهەوێ عەیب و ئیرادەکانیان وەشارن.
ئێستاش لەپێش چاومە ئەوکاتەی ستیڤ جابز (Steve Jobs) لەسەر سەحنەی لە کاتی پێشاندانی ئایفۆن (iPhone) دا وێنەیەکی هێنا و پرسی ئەی چۆن دەتوانم نزیکی کەمەوە و دوایە دوو قامکی دەستی لەسەر وێنەکە دانا و قامکی لێک دور کردنەوە و وێنەکە گەورە بۆوە.
هەڵبەت خوا دەزانێ ئیدەکەی ئی کێ بووە و دواتر کێ سازی کردووە و ئێمە تەنیا حاسڵی کارەکەمان دیت.
زۆر ناخۆشە کە ئێمە لەو نیعمەتە گەورە کە Zoom کردن بێ، بێ نسیب دەکەن.

دوکتۆر

بۆچی پێش وەی کە بچینە کن دوکتۆری دەبێت پوڵەکەیان بدەینێ؟ یان پێش وەی کە کێشەکەمان چارەسەر کەن؟ یان بۆچی ئەگەر کێشەکەمان چارەسەر نەبێت، پوڵەکەمان نادەنەوە؟
ئەوە کەر کەرێنە.
وەکوو وەی وایە بچینە کن تێکنیسیەن یان ئەندازیارێکی کامپیوتێڕ و بێ وەی کە کامپیوتێڕەکەمان بۆ چاک کاتەوە پوڵی بدەینێ. چۆن شتی وا دەبێت؟

User Interface

User Interface یان ئەو جۆرەی ویکیپیدیا نووسیویەتی "نێوانەڕووی بەکارهێنەر"، شتێکی زۆر تایبەت و شەخسییە. بۆ نموونە ئەمن پێم خۆشە ماڵپەڕەکان، سرویسەکان و بەرنامەکان تەنیا دەیتایەکەیانم دەنێ و بۆ خۆم User Interface ی تایبەت بە خۆمیان بۆ ساز کەم.
هەر بۆیە زۆر جار بەشی دەیتا و ئارشیوی زۆر سایتانم بە دڵ بووە بەڵام نەمتوانیوە بە تەواوی کەڵکیان لێ وەرگرم چون User Interface ـەکەیان شەڕی پێ فرۆشتووم.
بریا هەموو سایتەکان دەیتایەکەیان بە کت‌وپڕی و بە بێ Interface ێکی سەیر لە ئیختیاری بەکارهێنەرانیان دانابایە.
بۆ نموونە ئەوڕۆ بە هەڵکەوت ماڵپەڕێکی زۆر نایابم دۆزیەوە:
chrikaykurd.com
هەر چەند ماڵپەڕێکی جوان و ڕازاوە بوو کە دەیتایەکی زۆر کت‌وپڕیشی هەبوو بەڵام Interface ـەکەی لە چەند جێیەک ئازاری دەدام.

ئیدەیەک بۆ Tex

یەکێک لەو هۆکارانەی کە من نووسراوەکانم لێرە بە فۆڕمەتی تێکست دەنووسم و هیچ فۆڕمەتێکی قالب‌بەندی بەکار ناهێنم ئەوەیە کە، تەواوی ئەو فۆڕمەتانە وشەگەلی سەرەکیی[١] ئینگلیزی بەکار دەهێنن. ئەو بەکارهێنانی وشەگەلی ئینگلیزی لەکن نووسراوەی کوردی کە لە ڕاست بۆ چەپ دەنووسرێت دەبێتە هۆی سەر لێ شێوانی بەرنامەگەلی نیشان‌دەر و نویسیاری دەق و بە دوای ویش‌دا سەر لێ شێوانی ئێمەی بەکارهێنەر.
لێرەدا باس لە چەند دانە لەو فۆڕمەتە قالب‌بەندییانە دەکەم. ڕێگایەک کە ئەمن دۆزیومەتەوە، تەرجمەی وشەگەلی سەرەکیی[١] ئینگلیزی بە کوردییە. بۆ نموونە سەرنج بدەنە فۆڕمەتەکانی خوارەوە:
١. HTML
بۆ چارەسەرکردنی بوونی وشەگەلی ئینگلیزی لە یەک دێڕ‌دا لەگەڵ وشەگەلی کوردی دەکرێ ناوی تەگەکان[٢] بکەینە کوردی. بۆ نموونە:
دەق: <دەق></دەق>
پاراگراف: <پ></پ>
...
دەتوانین دواتر ئەو تەگانە[٢] تەرجمە کەینەوە بە ئینگلیزی تا لەسەر وێب[٣] کێشەیان نەبێت.
٢. Tex
لێرەدا دەتوانین زمانێکی ساز کەیین کە لەوێ‌دا وشەگەلی سەرەکی[١]، کوردی بن نەک ئینگلیزی. دواتر لە کاتی کامپایل‌کردن‌دا سەرەتا زمانی خۆمان تەرجمە دەکەینەوە. تەرجمەکەش بەو شێوەیە کە تەنیا وشەگەلی سەرەکیی[١] کوردی لەگەڵ ئینگلیزی دەگۆڕینەوە. بۆ نموونە:
Tex -> زمانی‌ئێمە -> Tex
\title <--> \عینوان
\author <--> \نووسەر
\paragraph{title} <--> \پاراگراف{عینوان}
...

٣. Markdown
ئەو فۆڕمەتە خەراپ نییە. یەعنی وشەگەلی ئینگلیزی تێدا بەکارنەهاتووە. بەڵام گۆڕینی ئەو فۆڕمەتە بۆ فۆڕمەتەکانی‌تر تۆزێک بەزەحمەتە.
------------
[١] Keywords
[٢] Tag
[٣] Web

ئەرێ ئەحمەق زۆر بوون یا ئەمن شێت بووم؟

هەمیشە بەدەست ئەحمەقانەوە گیرم خواردووە. هەمیشە سەر و کارم لەگەڵ بوون. پێم وا نییە قەتیش خەڵاسیم بێ. ئەمن لەگەڵ ئەو ئەحمەقانەی دەزانن ئەحمەقن کێشەم نییە، لەگەڵ ئەو ئەحمەقانە موشکیلم هەیە کە نازانن چەندە ئەحمەقن. فکرە ئەحمەقانەکانییان بە ڕیسوایی و ڕووداری تەواوەوە دەڵێن. لەوانەیە لەکن خۆیان ئەمنیشیان پێ ئەحمەق بێ. خوایە ئەگەر هەی بۆخۆت قازیمان بە. هیچ نییە ئەمن ئەحمەقم بەڵام ئەتۆ کە ئەحمەقی بۆ نایسەلمێنی. بیسەلمێنە بەشکم کەمێک گەورە بی، کەمێک ببیە بەشەر.
زانکۆ = ئەحمەق‌خانە. ئەمن تا ئێستا لە دوو زانکۆیان بووم غەیری ئەحمەق کەسم نەدی. هەبوو ئەحمەق نەبن بەڵام زۆر کەم بوون. ئوستادێکمان هەیە کوتوویەتی بۆ ڕۆژی دانشجو دەبێ لە ئینستاکەتان پۆستی دانێن. جا ئەوە هیچ نییە، کوتویەتی ئیجبارییە! کوتویەتی دانانەکەشی نومرەی هەیە! جا وەرە مەمرە لە حەیفان(*_*). کێ هەیە بەو چەند ڕستەی ئاخیرێ پێکەنینی نەیەتێ؟ دڵنیام خودی ئوستادەکەش وەیخوێنێ پێکەنینی پێ دێتێ. لەوانەیە ئێستا بچی لە خۆشی پرسی بڵێ باوەڕم بەو کارەی نییە. کە وایە بۆ دەیکەی؟ زۆر سەیرە! ئەحمەقی لەوەی ڕا بناسە کە دەڵێ باوەڕم بە شتێکی نییە و دەشیکا چون وایان پێ کوتووە، چون ڕەسمە، چون دەستوور وایە، چون مەسڵەحەت وایە و هەزار چونی خۆڕاوی دی.

هارد دیسکن بۆ چییە؟!

بە خەیاڵم داهات کە ئەگەر ئینتەرنێتێکی خێرامان هەبێ دەتوانین هەموو فایلەکانمان لە سەر ئەو سێروێرە خۆڕاوییانەی کە کۆمپانیە گەورەکان لە ئیختیارمان داوێن دابەزێنین و هەر کاتێک پێویستیمان بە فایلەک بوو دووبارە دایبگرینەوە.
بۆ ئەو کارە دەتوانین بەرنامەیەک بنووسین کە ئەو فایلانە ڕەمزگوزاری بکا و دابەشیان کا بە سەر ئەو سرویسانەدا و هەرکاتێک پێویستیمان پێ بوون بەشەکانی دانلۆد کا و پێکەوەیان بنووسێنێ و ڕەمزەکەیان بشکێنێ.
ئەو کارە بۆ ئەو فایلانەی کە زۆرمان کار پێ نین زۆر بەسوودە. بۆ نموونە بۆ وێنەکان یان فیلمەکان.
سرویسیشمان زۆرن بۆ نموونە گووگڵ(Google) پێم وا بێ لە سرویسی درایوەکەی(Drive) ١٥ گیگ‌مان دەداتێ. دراپ‌باکس(Dropbox) هەر بەو شێوە. وان‌درایوی (One Drive) مایکرۆسافت(Microsoft) هەر ئەو جۆرە. سرویسی دیکەشمان هەن کە لە واقع دا بۆ ئەو کارە ساز نەکراون بەڵام ئەشێ ئەو کارەشیان پێ بکرێ. وەکوو: archive.org یان github.com یان gitlab.com یان زۆر سرویسی تر. لە خۆڕا بێ ئیستفادە کەوتوون! دەتوانین زۆریان بەهرە لێ وەرگرین هەرچەند بۆ ئەو کارەش ساز نەکرابن.

kurdishOSS-Bot، بژی!

بژین! دروود بۆ ئەو کەسانەی پڕۆژەی kurdishOSS-Bot یان نووسیوە. نازانم ئیدەی ئەم پڕۆژە لە پڕۆژەیەکی دیکە وەرگیراوە یان هی خودی نووسەرانیەتی. ئەگەر هی خۆیانە کە دووبارە بژین!
زۆر جالبە بێ وەی کە ئەو کەسانەی پڕۆژەی سەرچاوەکراوەیان هەیە نێوی خۆیان لەم لیستەدا تۆمار بکەن، دەتوانن تەنیا لە بەشی topicی ڕیپۆیەکەیان‌دا بنووسن kurdish-oss و ئەم پڕۆژەیە دوای ماوەیەک بەم لیستەوە زیاد دەبێت.
ئەمەش نیشانی پڕۆژەکەیان:
https://github.com/DevelopersTree/kurdishOSS-Bot
زۆر ئیدەیەکی جالبە.
ئەمن تا ئێستا دوو ئیشکالم تێدا دیتۆتەوە کە حەل کردنەکەیان کارێکی سەخت نییە.
یەکەم: دەبێ blacklist ێکی هەبێ کە ئەو بەکارهێنەرانەی کە قەسدی وەیان هەیە پڕۆژەهایەکی نامەڕبووت لەسەر ئەم پەڕە دابنێن، ڕیپۆیەکەیان یان یوزێرەکەیان لە blacklist بهاویشترێت و ڕێگەیان پێ نەدرێ پڕۆژەکەیان لەم لاپەڕەدا نیشان بدەن.
دووهەم: فایلی 'index.js' بەشی description ی ڕیپۆیەکان هەر بەوشێوەی هەن بێوەی کە پێداچوونەوەیان بەسەردا بکا لە فایلی README.md دەنووسێتەوە. ئەوە لە حاڵێک دایە ئەگەر کەسێک تەگێکی HTML یان Markdown لە بەشی description ـەکەی دا بنووسێ، ئەم تەگانە بەشێوەی تێکست نیشان نادرێن و وەکوو تەگی HTML ڕێندێر دەکرێن. کە بەو کارەی دەتوانن تەواو شێوەی پەڕەی README.md بگۆڕن.
ئیشاڵا کە ئەو دوو هەڵانەش بە زوویی چارەسەر دەکرێن. دووبارە دەڵێم بژی بۆ ئیدەتان و بژی بۆ کاری جوانتان.

display: standalone

ئەگەر دەوهەوێ ماڵپەڕەکەتان وەکوو ئەپێکی ئەندرۆید ئیجرا ببێ نەک لەنێو تەبێکی وێبگەڕەکەتان، لازمە فایلێکی مانیفێست ساز کەن. لەبەشی <head>ی فایلی indexی htmlەکەتان بنووسن:
<link rel="manifest" href="site.webmanifest">
دوایە لە فایلی site.webmanifest دەبێ بەرامبەر optionی display بنووسن standalone.
بۆ نموونە سەیری فایلی وێب‌مانیفێستی ئاڵەکۆک بکەن:
https://allekok.ir/favicon/site.webmanifest

باسێک لەسەر ئاڵەکۆک

ئاڵەکۆک بۆ هەیە؟ بۆ پەیدا بوو؟ ئەگەر ئەمن نەتوانم جوابی دەمەوە پێم وا نیە کەسی‌تر بتوانێ جوابی ئەو پرسیارە بداتەوە. چون بۆخۆم ئاڵەکۆکم ساز کردووە. تا ئەو جێیەی بتوانم هۆکاری بوونی ئاڵەکۆکتان بۆ شی دەکەمەوە.
یەکێک لە هۆکارەکانی دانانی ئاڵەکۆک ئەوە بوو کە ئەمن خوێندنەوەی شێعرم لەسەر ڤەژینبوکس بەکەیفێ نەبوو. نازانم بۆ. بەڵام ئەوە ئەووەڵین هۆکار بوو. بۆ نموونە ئەمن خۆشیم لە نێوی ڤەژینبوکس نەدەهات. بەشی "بوکس" بەلامەوە زۆر ناشیرن بوو کە لەگەڵ وشەیەکی خۆش وەکوو "ڤەژین" تێکەڵ کرابێ.
دووەم ڤەژینبوکس هیچ ڕێیەکی بە هیچ کەس بەتایبەت بەرنامەنووسەکان نەدەدا کە ئەو دەقانەی تایپیان کردوە، بەکاری بێنن. ئەگەر قەرار با تەنیا بۆ خوێندنەوە بایە، ئەو هەمووە زەحمەتی تایپ کردنەوەی نەدەویست. دەیانتوانی خوێنەرێکی PDF بەکار بێنن و خەڵکیش پەڕە پەڕە شێعرەکانیان خوێندبایەوە. بەڵام ئێستا کە تایپ کراون لانی کەم دەبێ ئیجازەی کۆپی کردنمان هەبێ بۆ وەی کە دووبارە ئەو شێعرەی تایپ نەکەینەوە.
سێیەم ڕەخنەم لێ دەگرن کە ئەتۆ بێ‌ئیجازە ئەو شێعرانەت کۆپی کردوون. بەو قسەیان ڕا دیارە کە ئەمن زۆر زیاتر لەوان لە ڤەژینبوکسی حاڵیم. لە سایتی پێشووی ڤەژینبوکس‌دا ڕستەیەک نووسرابوو بەم شێوەیە:
... تەنیا هۆی ئەوەی کە ئەم پڕۆژەمان(کۆکردنەوەو تایپ‌کردنی دەقی ئەدەبی و مێژویی) لە ویکی‌بوکس ئەنجام نەداوە، ئەوەیە کە مافی کۆپی‌ڕایتی ئەم بەرهەمانە زۆر ڕوون نییە...
ئەم دەقەی سەرەوە لەوانەیە دروست ئەو شتە نەبێ کە لە ڤەژینبوکس‌دا نووسرابوو بەڵام شتێکی هاومانای ئەوە بوو.
ئەمن لەو ڕستە کەڵکم وەرگرت و کووتم ئەگەر دەقێک لەسەر ویکی‌بوکس نووسرابێ ئەمن دەتوانم لەگەڵ ئاماژە بە سەرچاوەکەی کۆپی کەم. هەر بۆیە کۆپیم کردن. زۆریش کارێکی ئاسان نەبوو.
چوارەم ڤەژینبوکس وەک بۆنبەستێک وایە. دەیتای خالس دەچێتە ژوور بەڵام دەیتای خالس نایەتە دەر. مەبەستم ئەوەیە کە ئەو کەسانەی کە شێعرەکان تایپ دەکەن، ئەو شێعرانە بە تێکست دەنێرن بۆ ڤەژینبوکس بەڵام ڤەژینبوکس تەنیا لەسەر سایتەکەیان دادەنێ و بە تێکست یان HTML یان هەر فۆرمەتێکی دی خودی دەقی شێعرەکەمان ناداتەوە.
پێنجەم زۆرێک لە خەڵکی کوردستان کیبۆردی کوردییان نییە. یان ڕێنووسی ستانداری کوردی نازانن. هەر بۆیە بەشی گەڕانی ڤەژینبوکس زۆر بەسوود نییە. ئەمن دەمهەویست لە بەشی گەڕان‌دا هەر کەس هەر چۆنی پێی خۆشە بنووسێ حەتتا بەڕێنووسی غەڵەت؛ ئەمما بتوانێ ئەو شێعرەی مەبەستیەتی بیدۆزێتەوە. بەشی گەڕانی ئاڵەکۆک تا ئاستێک ئەو موشکیلەی تاووتووێ کردووە.
شەشەم ڤەژینبوکس تەنیا هی ڤەژینبوکسە. مەبەستم ئەوەیە کە کەس ناتوانێ ماڵپەڕی ڤەژینبوکس بۆ سەر کامپیوتێڕەکەی داگرێ و ئەگەر شارەزایی هەبێ هەر جوورێکی پێی خۆشە بیگۆڕێ. بەڵام بەرنامەی ئاڵەکۆک کۆدەکانی کراوەن و هەر کەس پێی خۆش بێ دەتوانێ دایبگرێ. یان دەتوانێ شێعرەکان بەجوێ دابگرێ و بەکاریان بێنێ.
حەوتەم ڤەژینبوکس بەرنامەی مۆبایل، دێسکتاپ و... نییە. هەر کەسەی پێی خۆشە جوورێک ئەو شێعرانە وەخوێنێ. لە گفتووگۆیەک کە لەگەڵ بەڕێز ئاسۆ مەحموودیم هەبوو، ئەو وای بۆ شی کردمەوە کە هۆکاری ئەم کارە ئەوەیە کە چون دەقەکانی ڤەژینبوکس دایمە پێداچوونەوەیان بەسەردا دەکرێ و باشتر دەبن و لە گۆڕانکاری دان پێمان باش نەبووە ئەپی مۆبایلی بۆ ساز کەیین. بەڵام ئاڵەکۆکیش هەر وایە. کافییە سیستەمێکی ئاپدەیتی بۆ دانێن کە شێعرەکان ئەگەر لەسەر سایت بەڕۆژ بوونەوە لەسەر ئەپەکەشتان بەڕۆژ ببنەوە. وەکوو ئەو کارەی کە ئەمن بۆ ئاڵەکۆکم کردووە.
هەشتەم ڤەژینبوکس بەتەنێ بوو. مەبەست ئەوەیە نە هاوەڵێکی هەبوو نە ڕەقیبێک. لەو حاڵەتەی مەعموولەن هەر سایتێک بێ وردە وردە سست و کز و لاواز دەبێ. حەتتا ئەگەر ئاڵەکۆکیش بەتەنێ بایە هێندە تێ‌نەدەکۆشیم شێعری تازە لەسەر ماڵپەرەکەم دابنێم. هیچ نییە با ئاڵەکۆک بەدنێو بێ بەڵام شێعری زۆرتر بنووسرێنەوە.
وا بزانم ئەوەندە هۆکارە بەس بن تا ئێرە. من ئاگادارم کە ئاڵەکۆک زۆر کەم و کورتی هەیە. کە وایە خۆشحاڵ دەبم ئەگەر ئەو ئیشکالاتەم پێ ڕابگەیێنن و هەروەها لە پتەوکردنی کۆدەکان و شێعرەکانی ئاڵەکۆک یارمەتیم بدەن. لەبیرو بێت کە ئاڵەکۆک هی هەمووتانە. ئێستا هەرکام لە ئێوە دەتوانن ئاڵەکۆکی خۆتان هەبێ، بێ وەی کە ئیجازەی منی پێویست بێ.

وێبکەم لە لینوکس‌دا

بۆ وەی کە وێنەی وێبکەمەکەتان لە نێو فرەیمێک‌دا نیشان دەن، دەتوانن لە ffplay کەڵک وەرگرن. بەو شێوە:
ffplay -f video4linux2 -i /dev/video0 -s [WxH]
ffplay لە پەکەیجی ffmpeg دایە.

ئەلفوبێی کوردی

ستانداردی یونیکۆد:
https://www.unicode.org/charts/PDF/U0600.pdf
ستانداردی گشتی:
http://unicode.ekrg.org/ku_unicodes.html
پەراوێزی ویکیپیدیا:
https://ckb.wikipedia.org/wiki/%D9%88%DB%8C%DA%A9%DB%8C%D9%BE%DB%8C%D8%AF%DB%8C%D8%A7:%D9%86%D9%88%D9%88%D8%B3%DB%8C%D9%86%DB%8C_%DA%A9%D9%88%D8%B1%D8%AF%DB%8C
ئەلفوبێی ئارامی:
ئ U0626
ء U0621
ا U0627
ب U0628
پ U067E
ت U062A
ج U062C
چ U0686
ح U062D
خ U062E
د U062F
ر U0631
ڕ U0695
ز U0632
ژ U0698
س U0633
ش U0634
ع U0639
غ U063A
ف U0641
ڤ U06A4
ق U0642
ک U06A9
گ U06AF
ل U0644
ڵ U06B5
م U0645
ن U0646
و U0648
وو ????U لە ئێستادا بە دوو 'و'یان دەنووسرێ: U0648|U0648
ۆ U06C6
ھ U06BE یان ه U0647
ە U06D5
ی U06CC
ێ U06CE

پەراوێزی ١، هەورامی:
سەرچاوە:
https://ckb.wikipedia.org/wiki/%DA%BE%DB%95%D9%88%D8%B1%D8%A7%D9%85%DB%8C
ڎ U068E
ۋ U06CB
ڼ U06BC
ۊ U06CA
ې U06D0
ۍ U06CD

پەراوێزی ٢، ژمارە:
٠ U0660
١ U0661
٢ U0662
٣ U0663
٤ U0664
٥ U0665
٦ U0666
٧ U0667
٨ U0668
٩ U0669

پەراوێزی ٣، هێما: ؛ U061B
، U060C
؟ U061F
ـ U0640 یان _ U005F
٪ U066A یان % U0025
« U00AB
» U00BB
ئەم هێمایانەی خوارەوەم لە هیچ کام لە ستانداردەکان نەدیوە، بەڵام لەوانەیە پێویست بن.
٬ U066C ARABIC THOUSANDS SEPARATOR جوێ کەرەوەی ژمارە
؍ U060D ARABIC DATE SEPARATOR جوێ کەرەوەی ڕێکەوت(تاریخ)

تەختەکلیلی کوردی

لە سەر کامپیوتێڕی من کە Operating System ـەکەی Arch linux ـە، ١٤ جۆر کیبۆردی کوردی لەسەرە! ئەم کیبۆردانە بەشێکن لە پەکەیجی xkeyboard-config. ئادرسی ڕیپۆیەکەیان لاپەڕەی خوارەوەیە:
https://gitlab.freedesktop.org/xkeyboard-config/xkeyboard-config
نازانم دەبێ چی لێ بکەم...
جا دوایە بۆ کوردی سۆرانی دوو جۆر ئەلفوبێ هەیە کە ئەڵبەتە فەرقێکی ئەوهایان نییە. پێم وا بێ تەنیا جیاوازیان پیتی 'هـ'یە. دڵنیا نیم. بەڵام یەکەمیان لەلایەن ماڵپەڕی خوارەوەیەو هەروەها فراوانترینیشە:
http://unicode.ekrg.org
دووهەمیان لەلایەن ویکیپیدیای کوردییە. کە لە لاپەڕەی خوارەوەدا باسیان لێ کردووە:
https://ckb.wikipedia.org/wiki/%D9%88%DB%8C%DA%A9%DB%8C%D9%BE%DB%8C%D8%AF%DB%8C%D8%A7:%D9%86%D9%88%D9%88%D8%B3%DB%8C%D9%86%DB%8C_%DA%A9%D9%88%D8%B1%D8%AF%DB%8C
کە بە بڕوای من ئەو گۆڕانکاریانەی ویکیپیدیای کوردی زۆر بەجێیە. هەوڵی بوونی یەک کیبۆردی کوردی یان نهایەتەن دوو دانە(ئارامی، لاتین) لەکاتی دامەزراندنی Linux و پەکەیجی X Server دا ئاواتی منە، بەڵام لە توانای من خارجە. جارێ چەند هەڵەی بچووک کە لە کیبۆردەکە دایە، بەرامبەر بەو دوو ستانداردەی پێشوو چاک دەکەمەوە. ئەوی دی ئیدی بڕیاری لەدەست من دا نییە. بەڵام واقەعەن ئینسان سەری لێ دەشێوێ لە کاتی دامەزراندنی وەشانەکانی Linux دا کە کام کیبۆردەی هەڵبژێرێ و هیچیشیان لە ژێر نێوی زمانی کوردی دا نین. ئێران ٤جۆر کیبۆردی کوردی هەیە، ئێراق ٤جۆر، تورکیە ٣جۆر، سورییەش ٣جۆری جیاوازی هەیەو ئەگەر ئینسان شارەزا نەبێت سەری لێدەشێوێ. بۆ نموونە پێم وابێ لەو کیبۆردانەی کوردی ئێران‌دا تەنیا یەکدانەیان ڕێنووسی ئارامییە. بە بڕوای من وا باشترە، هیچ نییە با تەواوی ئەو کیبۆردانە هەبن، بەڵام یەک کیبۆردیش هەبێ بەنێوی کوردی ستاندارد و ڕوون بێ لای بەکارهێنەر کە ئەگەر دەیهەوێ ستاندارد بنووسێ ئەم کیبۆردەی دەبێ هەڵبژێرێ.
یەک شتی دیش؛ بڕیاردان لەسەر کیبۆردی کوردی یان دەبێ لەلایەن حکومەتەوە بێت یان دەبێ کۆبوونەوەی لەسەر بکرێ. ئێمە کە لە حکومەت دا نین بەڵام دەتوانین کۆبوونەوەی لەسەر بکەیین.

پایتۆن وەشانی ٣ و ٣ بۆ سەرێ

تکایە، تکایە، تکایە. ئەگەر ڕێی هەیە بەرنامەکانتان بە پایتۆنی ٣ و ٣ بۆ سەرێ بنووسن. چون وەشانی ٢ چی دی لە لایەن python.org پشتیوانی ناکرێ.

گرووپ‌بەندی Repository ـەکان لە گیت‌هاب‌دا

حەتمەن بۆ ئێوەش هاتۆتە پێش کە بچنە Tabی Repository و سەرتان لێ بشێوێ لەو هەمووە ڕیپۆیانەدا. دەبێ گیت‌هاب چارێک‌مان بۆ وەبینێ کە بتوانین ڕیپۆیەکانمان گرووپ‌بەندی کەین. وا بزانم gitlab.com ئەو کارەی کردووە.

گۆڕینی ئەلفووبێی نووسراوەیەکی کوردیی سۆرانی لە ئارامی بۆ لاتین

وا دێتە بەرچاو کە ئەم کارە زۆر ئاسان بێ. بەڵام دوای ماوەیەک تێ دەگەیین کە مەحاڵە! تا ئێستا بەوەی گەییشتووم:
if(!(is_x(str, ["و","وو","ی","یی"]) || (prev_ch == ch_v && !next_v && ch_v != L(str, pos-2))) && (pos == 0 || prev_v || next_v || (prev_ch != ch_n && !is_v(L(str, pos+2)) && pos !== 1 && (is_v(L(str, pos-2)) && prev_ch == "y")))) /* CONSONANT */ else /* VOWEL */

کامپیوتێڕ بەکەڵکی چ دێ؟

هیچ.
کامپیوتێڕ هەمووکارێکی هیچ‌کارەیە. تا ئێستا هەبوون و نەبوونەکەی وەک یەکن. لەوانەیە ڕۆژێک بێ بەدڵ پێویستیمان پێ بێ.

نیشان‌دانی ڕاست بۆ چەپی README.md لەسەر گیت‌هاب

تەنیا لە خەتی یەکەم‌دا بنووسن: <div dir=rtl>
دوایە خەتێک بەجێ بێڵن. لەبیرو بێ زۆر گرینگە حەتمەن خەتێک بەجێ بێڵن و لە خەتی دوای وی ڕا دەست بە نووسین بکەن. سەرنج بدەن کە ئەگەر تەنیا ' ' لە ئاخیری خەتەکەدا بەکاربێنن، کارێ ناکا و حەتمەن دەبێ خەتێک بەجێ بێڵن. ئەو نوکتەی لە ئەم لاپەڕەدا فێر بووم:
https://github.com/layik/git-kurdi/blob/master/README.md

سەرچاوەی دراوە(Data) بۆ زمانی کوردی

هەر ئەو جۆرەی دەزانن زمانی کوردی یەکە(بە گومانم). مەبەست ئەوەیە زمانێک هەیە بە نێوی کوردی کە کۆمەڵێکی زۆری زاراوەی جۆراوجۆر هەیە. هەر لە گۆرانی و موکریانیەوە بگرە هەتا دەچێتە کورمانجی سەرێ. ئەگەر وای دابنێیین کە هەورامی و ئیلامیش زاراوەیەک لە زمانی کوردین هەر هێندەی دیش فراوان و دەوڵەمەند و ئەڵبەتە تێکەڵ دەبێ. یەک شتی دیش کوردی بە دوو خەتیش دەنووسرێ و هەر دووک خەتەکەش کۆمەڵێکی زۆری نووسەر و خوێنەر هەیە. جا ئێستا ئەگەر ئێمە بمانهەوێ بۆ نموونە بەرنامێکی ئاسایی بنووسین کە پێداچوونەوە بەسەر دەقی نووسراوەیەک‌دا بکا. با وای دابنێیین دەمانهەوێ تەنیا وشەکانی زاراوەی موکریان بە دروست بگرێ و وشەی زاراوەکانی‌تر بە هەڵە دانێ. بۆ ئەم کارە ئەگەر ئێمەی بەرنامەنووس نەمانهەوێ زۆر سەری خۆمان بێشێنین، کارێک کە دەیکەیین ئەوەیە کە لە وشەنامەی وشەکانی زاراوەی موکریانی دەگەڕێین و دوای وەی کە دۆزیمانەوە، بەرنامەکەمان چەرخێک بەنێو وشەکان لێدات و وشەکانی زاراوەی موکریان جوێ کاتەوە.
زۆرباشە. وا دیارە هیچ کێشەیەک نەبوو. بەرنامەکەمان حازرە. بەڵام ئەدی وشەنامەکەی لە کوێ بێنین؟ نازانم. کەس نازانێ. لە هیچ جێیەکیشم نەدیتوە.

تکایە ئاماژە بە ئیجازەنامەی کارەکەو بکەن

تکایە هەوڵ بدەن ئەگەر کارێک دەکەن، هونەرێک دەخوڵقێنن، شتێک ساز دەکەن؛ بنوسن کە ئەمن تا فڵان ئاستەی ئیجازەی بەکارهێنان بە بەکارهێنەران/خوێنەران دەدەم. بۆ نموونە دەتوانین بنوسین کە ئەمن مافی کۆپی‌کردنی کارەکەم تەنیا بە کت‌وپڕی بەو مەرجەی نێوی من/بەرنامەنووس لەگەڵ کارەکەم بڵاو کەنەوە، بە هەمووکەس دەدەم.
یان دەتوانن یەکێک لەو هەزاران لایسەنسە(License) بەناوبانگانەی هەن بەکاربێنن. وەکوو: لایسەنسی MIT یان GPL یان ... . بۆ زانیاری زیاتر سەردانێکی لاپەڕەی خوارەوە بکەن:
https://choosealicense.com