شاعیر: مەحوی
کتێب: غەزەل
سەرناو: ئەوەندەی ئەهلی دنیان ئەهلی دنیا، تاقە ڕۆژێ گەر

ئەوەندەی ئەهلی دنیان ئەهلی دنیا، تاقە ڕۆژێ گەر
بە قەڕنێ من ئەوەندە ئەهلی خودا بم دەبمە پێغەمبەر

بە کەم مەگرە سروشک و ئاه و ناڵەی بێنەوایانت
کە سەیلی بێ ئەمانە، تیری دڵدۆزە، گولەی وەروەر

چ کەس نابێ بە کەس دارم، نیە لەو بەردەرە یارم
خودایا تۆ بکەی چارم، کەسێکم بێ کەس و بێ دەر

چڵ و چۆکەر مەدە دەورم، خوداحافیز نەسیحەت گەر
لە شەکوەی عیشق و لۆمەی عەقڵ ئەمن هەم لاڵم و هەم کەڕ

زوبان و گوێ گلە و پەندی نە لێ دەبیەن، نە پێ دەبیەن
عەبەس دێن و دەچن بەم جۆشە غەمماز و مەلامەتگەر

لە ئیعجازی مەحەببەت چار فەسڵم جوملە بۆ جەمعە: 
سروشکم سوورە، ڕەنگم زەردە، لێوم وشکە، چاوم تەڕ

سیاپۆشن لە داخی خەت و خاڵ و لێو و ڕوو و زوڵفت
وەنەوشە و میسکی چین و ئاوی خزر و لالە و عەنبەر

جگەر کون کە، خوێنی گریە بەردە، سینە هەڵبدڕە
نیگاهێ کە، ببینە کاری تیر و نەشتەر و خەنجەر

کە سەیری دەفتەری سەرگەشتەگان و خاکساران و
سیابەختانی کردن، دی هەموو، مەحوی بوو سەردەفتەر